ئابوورزانی

ئابوورزانی ئەو زانستە کۆمەڵایەتییەیە کە لە چالاکییە ئابوورییەکان ئەکۆڵێتەوە تا بەڵکوو بتوانێ لەو پرۆسانەی کە بەسەر بەرھەمھێنان و بەشینەوە و بەکاربردنی کاڵا و خزمەتدا زاڵن تێبگا.

سەرەتا "ئابووری سیاسی"ی پێ ئەوترا، بەڵام ئابوورزانانی کۆتایییەکانی سەدەی نۆزدەیەم "ئابوورزانی"یان وەکوو ناوێکی کورتتر بۆ "زانستی ئابووری" پێشنیار کرد بۆ ئەوەی خۆی بکەن بە بوارێکی زانستیی جیا لە دەرەوەی زانستی سیاسی و زانستە کۆمەڵایەتییەکانی تردا.

ئابوورزانی سەرنج ئەخاتە سەر ھەڵسوکەوتی بریکارانی ئابووری و چۆنیەتیی کارکردنیان پێکەوە و شوێنەواریان لەسەر یەکتر، ئەیەوێ بزانێ ئابوور چۆن کار ئەکا. ھاوھەنگاو لەگەڵ ئەم سەرنجە، وانەنامە سەرەکییەکان لە نێوان وردابوورزانی (microeconomics) و درشتابوورزانی (macroeconomics) -دا جیاوازی دائەنێن. لە وردئابوورزانیدا ئەوەی کە تاوتوێ ئەکرێتەوە ھێمانەکان و بەشە پێکھێنەرەکانی ئابوورە وەکوو بازاڕ، کڕیار، فرۆشیار و زۆر شتی تر. بەڵام، لە درشتابوورزانیدا گشت ئابوور (واتە کۆی بەرھەمھێنان و بەرخۆری، کۆی پاشەکەوت و وەگەڕخستنی سەرمایە) شی ئەبێتەوە و تاوتوێ و کۆڵینەوە لەسەر گشت ئابوور ئەکرێ نەک پارچە و بەشەکانی.

ئابوور

ئابوور یا ئابووری بریتییە لە بەرھەمھێنان، بەشینەوە یا گۆڕێنەوە و، بەکاربردنی شمەک و ڕاژە لە ناوچەیەکی جوگرافیدا. لەم پێناسەیەدا، شمەک و ڕاژە ڕادەدارن و، ئەو کارانەی کە لەسەریان ئەکرێ (بەرھەمھێنان، بەشێنەوە، گۆڕێنەوە و، بەکاربردن) لە لایەن بریکارانی جیاجیاوە ئەکرێ. بریکار ئەتوانێ تاکەکەس بێ، ڕێکخراوە بێ، کاسبییەکی تایبەت بێ، یا تەنانەت حکوومەت بێ.

لە ڕابردوودا، وا ئەزانرا کە تەنیا سەرچاوەگەلی سروشتی، کار و سەرمایە سنووری ئابوور دیاری ئەکەن. لە وەھا ڕوانگەیەکدا تەکنۆلۆژیا (کە ئەتوانێ پرۆسەکان ئۆتۆماتیک و خێراتر بکاتەوە و، ئەو بڕە پارەیە کە بۆ بەڕێوەبردنی کارەکان خەرج ئەکرێ داشکێنێ) و نوێکاری (بەرھەمگەلی نوێ، بازاڕگەلی نوێ) لەبەرچاو نەگیرابوون.

ئابووری ھەر ناوچەیەک ئاکامی کۆمەڵێک پێواژۆیە و بەستراوەتەوە بە چاند، مێژوو، پەروەردە، گەشەی تەکنۆلۆژیکی، ڕێکخراویی کۆمەڵایەتی، پێکھاتەی سیاسی و، سیستەمی یاساییی ناوچەکەوە، ھەروەھا جوگرافیا، سەرچاوە سروشتییەکان و، ژینگەناسیش لە ھۆکارگەلی سەرەکین. کۆی ئەم ھۆکارانە پێکھێنەری ئەو بەستێن و ھەلومەرجەن کە ئابوور تێیدا کار ئەکا.

بەرخۆر

بۆ بەرخۆر بە مانای ئازووقەی پێش ھاتنی زستان خوراو، وتاری تفاق ببینە.لە ئابووردا، بەرخۆر (بەر "بەرھەم، داھاتی زەوی" + خۆر "ڕەگی ئێستای چاوگی خواردن، ئەوەی کە ئەخوا") دوایین بەکاربەری بەرھەمە. دوایین بەو مانایە کە بەرخۆر بەرھەمی بۆ ئەوە ناوێ کە شتی تری لێ ساز کا و بیفرۆشێتەوە، بەڵکوو بۆ کاری تایبەتیی خۆی کەڵکی لێ وەرئەگرێ.

بەرخۆر ئەو کەسەیە وا کاڵا و ڕاژەی بەرھەمھێنراو ئەکڕێ و بە کاری ئەبا. ئەو کەسەیە کە پارە خەرج ئەکا. کەوابوو، بەرخۆران ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان ھەیە لە سیستەمی ئابووریی وڵاتاندا. ئەگەر داواکارییەکانی بەرخۆران نەبێ، بەرھەمھێنەرانیش واز لە بەرھەمھێنان دێنن، چونکە یەکێ لەو شتە سەرەکییانەی کە ھانیان ئەدا بۆ بەرھەمھێنان ئەوەیە کە بەرخۆران بەرھەمەکەیان لێ بکڕن. ھەروەھا بەرخۆر یەکێ لە ئەڵقەکانی زنجیرەی دابەشییە.

بەرخۆرپەروەری

بەرخۆرپەروەری (Consumerism) پێکھاتە و ئایدیۆلۆژیایەکی کۆمەڵایەتی و ئابوورییە کە ھان ئەدا بۆ بەکاربردنی ھەرچی زۆرتری کاڵا و ڕاژە. لەم مانایەدا، بەرخۆرپەروەری زیاتر لە دیاردەیەکی نەرێنی ئەچێ. بەڵام وشەی بەرخۆرپەروەری ھەڵگری مانایەکی تریشە کە بریتییە لە کۆی ئەو ھەوڵە ڕێکخراوانەی لە لایەن کەسان، کۆمەڵان و، حکوومەتانەوە ئەدرێ بۆ پاراستنی مافی بەرخۆران و مەسرەفکەران. لێرەدا، بەرخۆرپەروەری ئەتوانێ شتێکی ئەرێنی بێ.

تۆرستەین ڤێبلەن (Thorstein Veblen)، ئابوورزانی ئەمریکایی، لە یەکەم ڕەخنەگرانی دیاردەی بەرخۆرپەروەری بوو.

بەرخۆری

بەرخۆری (بەر "بەرھەم" + خۆری "خواردن") کاری بەرخۆرە، واتە کڕین و بەکاربردنی کاڵا و ڕاژە. ھەرچی لە کۆمەڵگەیەک بەرخۆری زۆرتر بێ، پاشەکەوتکردن و سەرمایەدانان کەمترە، گەرچی دژبەیەک ئەنوێنێ، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە ئاستی بەرزی بەرخۆری ئەتوانێ سەرمایەدانەران ھان بدا بۆ وەگەڕخستنی سەرمایەکەیان.

بەپێی گریمانەی سووڕی ژیان، کە ھەوڵ ئەدا ئەوە ڕوون کاتەوە کە چۆن مرۆڤ داھاتی دابەش ئەکا لە نێوان خەرجکردن و پاشەکەوتکردندا، مرۆڤ لە ھەندێ لە قۆناغەکانی ژیانیدا زیاتر حەز بە پاشەکەوت ئەکا تا بەرخۆری و مەسرەف، وە لە قۆناغەکانی تردا زیاتر بەرخۆری ئەکا تا پاشەکەوت.

تێکڕای بەرھەمی ناوخۆیی

بەرھەمی گشتی نیشتیمانی یان GDP یەکێکە لە پێوەرەکانی پێوان لە زانستی ئابوورزانی. بەرھەمی گشتی نیشتیمانی بریتیە لە بایەخی کۆی شت ومەک و ئەو خزمەتگووزاریانەی کە لە درێژایی کاتێکی دیاریکراو (زۆرتر یەک ساڵە)، لە وڵاتێک دا بەرهەم دێت.

لەم شیکاریە دا مەبەست لە شت و مەک و خزمەتگووزاری کۆتایی، ئەم شت و مەک و خزمەتگووزاریانەیە کە لە کۆتایی زنجیرەی بەرهەمهێنان دان بخۆیان بۆ بەکارهێنانەکانی تر ناکردرێن.

دابەشی (ئابوورزانی)

لە ئابوورزانیدا دابەشی بریتییە لە چۆنیەتیی دابەشبوونی داھات یا سامان لە نێوان کەسان یا لە نێوان فاکتەرەکانی بەرھەمھێنیدا (وەکوو کار، زەوی و سەرمایە).

دانوستان (ئابوورزانی)

لە ئابووردا، دانوستان واتە گۆڕینەوەی شمەک. بە زمانێکی تر، دانوستان ڕاگوێزرانی خاوەنایەتیی شمەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر لە بەرامبەر وەرگرتنی بەرھەم یا ڕاژە. لێرەدا، کەس ئەتوانێ ڕاستەقینە یا یاسایی بێ. ھەندێ جار بە دانوستان ئەڵێن بازرگانی یا مامەڵە. ھەلی دانوستان زیاتر لە شوێنێک ناسراو بە بازاڕ ئەڕەخسێ.

زانست

زانست، پێکھاتەیەکە بۆ بەرھەمھێنان و ڕێکخستنی زانیاری لە سەر جیھانی سروشت، بەشێوەی ڕاڤە، لێکدانەوە و پێشبینی ئەزموون لەبار.

ئەرەستوو زانیاری زانستی بە کۆمەڵێک زانیاری دڵنیا و خاترجەم دەزانی کە لە باری ژیری و عەقڵانیدا لەوتن بێن.

لە سەردەمی کلاسیکدا، زانست پێوەندی زۆرنزیکی لەگەڵ فەلسەفەدا ھەبوو. لە سەرەتاکانی سەردەمی نۆشدا ئەم دوو وشە زۆر لەجێی یەک بەکاردەچوون، لە چاخی ١٧ زایینیدا، فەلسەفەی سروشتی (ھەمان زانستی سروشتی ئەمڕڕۆ) خۆی لە فەلسەفە ھەڵبوارد.

سەرەڕای ھەموو ئەمانە، زانست بەشێوەیەکی بەربڵاو ئەرکی لێکدانەوەی ھەموو زانیارییەدڵنیاکانی لەئەستۆگرت، بەڵام ھێشتاش بۆ بابەتی وەک زانستی پەرتووکداری و زانستی سیاسی رەنگدانەوەی جیاوازی ھەیە.

لە سەردەمی مودێڕندا زانست واتە: زانستی سروشتی و فیزیکی، کەوابوو دەپەرژێتە سەر ئەو لقە فێرکارییانەی لە سەر دیاردەکانی دنیای مادی و یاساکانی دەکۆڵێتەوە.

لە گشتگرترین ڕاستێنەی خۆیدا، ھەر جۆرە کردە و ڕاھێنانێکی ڕێکخراوی لەسەر زانین بنەڕەتنراو یان شیاوی نواندنە کە دەتوانێت سەرچاوکەی چەشنێک ئاکام یان دەرھاتی شیاوی پێشبینیکردن بێت. لەم ڕاستێنەیەدا، زانست دەکرێت ئاماژەیەک بێت بە کردە یان ڕێکارێکی زۆر شارەزایانە. لە ڕاستێنەی بەرتەسکتری ھاوچەرخیدا، زانست ڕێکخستنێکە بۆ بەدەستھێنانی زانین لە سەر بنچینەی پێڕەوی زانستی.ئەم وتارە لەسەر واتای بەرتەسکتری وشەکە ورددەبێتەوە. زانست بەو شێوەیە کە لەم وتارەدا قسەی لێدەکرێت ھەندێجار پێی دەوترێت زانستی ئەزموونی؛ ئەمە بۆ جیاکردنەوەیە لەگەڵ زانستی بەکاربراو کە بەکاربەریی لێکۆڵینەوەی زانستییە لە بڕێک پێداویستییەکانی مرۆڤدا - ھەرچەن ئەم دووە زۆرجاران پێکەوە گرێدراون.

زانست تێکۆشانێکی بەردەوامە بۆ دۆزینەوە و زۆرکردنی تێگەیشتن و زانینی مرۆڤ لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەی یاسامەندەوە. بە کەڵکوەرگرتن لە شێوازگەلی دەستبەسەرداگیراو، زانستمەندان، بەڵگەی شیاوی ڕوانین بۆ دیاردە سروشتییەکان و کۆمەڵایەتییەکان کۆدەکەنەوە، دراوەگەلی شیاوی پێواندنی گرێدراوی ڕوانینەکان تۆماردەکەن، زانیارییەکان شیدەکەنەوە، ئەوکات سەبارەت بە چۆنیەتیی کارکردنی شتەکان ڕاڤەی بیردۆزی ئاوادەکەن. پێڕەوەکانی کۆڵینەوەی زانستی ئەم دوو قۆناغە لەبەردەگرن:

پێکھێنانی گریمانەکان سەبارەت بە چۆنیەتیی کاری دیاردەکە و پاشان

تاقیکردنەوە، کە ئەم گریمانەگەلە لە ژێر ھەلومەرجی دەستبەسەرداگیراودا ھەڵدەسەنگێنێت.ھەروەھا، زانستمەندان، لێیان چاوەڕواندەکرێت کە زانیارییەکانیان بڵاوبکەنەوە تاکوو زانستمەندانی دیکە بتوانن بۆ دووبارە پشکنینی دەرەنجامەکانی ئەوان تاقیکردنەوەی ھاوشێوە بکەن. لە ئاکامەکانی ئەم ڕەوتە توانای تێگەیشتنی باشتر لە ڕووداوەکانی ڕابردوو و ھەروەھا پێشبینیکردنی باشتری ڕووداوەکانی داھاتووی ھاوچەشنە.

زلابوورزانی

زلابوورزانی (زل + ئابوورزانی) یان درشتابوورزانی (درشت + ئابوورزانی) لقێکی ئابوورزانییە کە خۆی خەریک ئەکا بە لێکۆڵینەوە و تاوتوێکردنی ئابوورێکەوە (بۆ نموونە ئابووری وڵاتێک، یان ئابووری ھەرێمێک، یان ئابووری گشت جیھان) و، لە جیاتیی ئەوەی جیاجیا بازاڕەکانی لێک باتەوە، وەکوو تەڤاھییەک سەیری ئەو ئابوورە ئەکا. زلابوورزانی و وردابوورزانی، پێکەوە، دوو بوارە سەرەکییەکەی ئابوورزانی پێک دێنن.

فیزیا

فیزیا یان فیزیک (بە ئینگلیزی: Physics) زانستێکی سروشتییە؛ بریتییە لە تاوتوێکردنی ماددە و جووڵەی ماددە لە بۆشاییدا و ھەموو ئەو شتانەی لەوانەوە دەگیردرێن، وەکوو وزە و ھێز. بەرینتر، شیکارییەکی گشتیی سروشتە بە مەبەستی تێگەیشتن لە چۆنیەتیی ئاکاری جیھان و گەردوون. لە ڕابردووی دوورەوە ھەتا ئێستە فیزیک پەیوەندییەکی زۆری لەگەڵ زانستەکانی بیرکاری و کیمیا ھەبووە.

ماتماتیک

ماتماتیک یان بیرکاری (بە ئینگلیزی: Mathematics) خوێندنی چەندێتی، پێکھاتە، واڵایی، و گۆڕانە. زانایانی بیرکاری و فەیلەسوفان ڕای جیاوازیان ھەیە لەسەر پێناسی بیرکاری، ھەندێ لەو پێناسانە لێرەدا ڕیزکراون. یەکێ لەو پێناسانە پێناسەی بێرتراند ڕەسڵە: بیرکاری بریتیە لە ژیربێژیی ھێمایی (ڕەمزی).

بیرکاران بەردەوام بۆ شێوەئاساکان دەگەڕێن، گومانە تازەکان دەکەن بە ڕێسا، وە بە ھەڵھێنجان لە پێناسەکان و بەڵگەنەویستەکانی بەچەشنی گونجاو ھەڵبژێردراو بناغەی ڕاستی دادەڕێژن.

لەسەر ئەوەی کە ئاخۆ شتگەلی بیرکارانە (وەکوو ژمارەکان یان خاڵەکان) سروشتی و خۆڕسکانە بوونیان ھەیە یان مرۆڤ خولقاندوویانی ھێشتا باس و گفتوگۆ دەکرێ. بیرکار بێنجەمین پێرس ئاوەھا بیرکاری دەناسێنێ: "ئەو زانستەی کە ئەنجامە پێویستەکانمان بۆ دەر دەکێشێ". لە لایەکی ترەوە، ئەلبێرت ئەینشتاین، دەڵێ: "تا ئەو شوێنەی کە یاساکانی بیرکاری ئاماژە بە ڕاستەقینە دەدەن، بێگومان نین؛ وە تا ئەو شوێنەی کە بێگومانن، ئاماژە بە ڕاستەقینە نادەن".

بە کەڵکوەرگرتن لە دەرھەستکاری و بە بەکارھێنانی ئاوەز، زانستی بیرکاری ھەرڕۆژ لە گەشە و پەرەسەندندایە. گۆڕەپانەکانی ژماردن، پێواندن، تۆژینەوەی ڕێکخراوانەی شێوەگەلی ئەندازەیی، و جووڵەی شتە فیزیکییەکان ھەرڕوژ بەربڵاوتر و بەرینتر دەبنەوە.

مافەکانی مرۆڤ

مافەکانی مرۆڤ سەرەکیترین مافەکانی ھەر مرۆڤێک کە تەنھا بە ھۆی مرۆڤ بوونەوە پێی دەبەخشرێت.

وردابوورزانی

وردابوورزانی (ورد + ئابوورزانی) لقێ لە ئابوورزانییە کە ئاکاری تاکەکان و ڕێکخراوە بچووکەکان لە کاتی بڕیاردانیان لەسەر چۆنیەتیی تەرخانکردنی سەرچاوەکاندا تاوتوێ ئەکاتەوە (بڕوانە دەگمەنایەتی).

لە بازاڕ، کە شوێنی کڕین و فرۆشتنی شتومەک و ڕاژەیە، ئەمە زیاتر کاربردی ھەیە. وردابوورزانی سەرنج بەوە ئەدا کە چۆن ئەو بڕیارانە لەسەر داوا و دابین شوێنەواری خۆیان بەجێ دێڵن و، داوا و دابینیش چۆن نرخەکانی بازاڕ دیاری ئەکەن و، بەپێچەوانەشەوە،چۆن نرخەکان چەندایەتیی شتومەک و ڕاژەی داواکراو و دابینکراو دیاری ئەکەن.

لە بەرامبەر وردابوورزانییەوە زلابوورزانی وەستاوە، کە کۆی گشت چالاکییە ئابوورییەکان ئەگرێتەوە و لەگەڵ مژارگەلێ وەکوو گەشە و ھەڵماسین و بێکاریدا سەروکاری ھەیە.

ڕاژە (ئابوورزانی)

لە ئابوورزانیدا بە پیتەوای نابەرھەست ئەوترێ ڕاژە، واتە ڕاژە نموونەی شتومەکی ئابووریی نابەرھەستە. کارگەلێ وەک سەرتاشی، ژمێریاری، ڕاوێژکاری، فێرکاری، چارەسەریی پزیشکی، یا گواستنەوەی نەفەر و کەلوپەل ھەموو بە ڕاژە ئەژمێردرێن.ھەروەھا، بەو دانوستانەش کە تێیدا بەگشتی کڕیار خاوەنایەتیی تایبەتی شتە کڕدراوەکە بەدەست نەھێنێ، مەگەر لە ڕێگەی گرێبەستێکی تایبەتەوە، ئەوترێ ڕاژە دابینکردن (service provision).

ژینناسی

ژینناسی یان زیندەزانی (بە ئینگلیزی: Biology) زانستێکی سروشتییە لە زانستی ژیان و زیندەوەران دەکۆڵێتەوە ، بە بەشەکانیانەوە وەک ( پێکھاتە ، ئیش ، گەشە ، سەرچاوە ، زۆربوون ، ڕێکخستن ) . زانستی زیندەزانی لق و بابەت و باشی زۆری لێ دەبێتەوە ، ئەمانەی خوارەوە ٥ لقی سەرەکی زانستی زیندەزانین :

خانەکان : یەکەی بنچینەی پێکهاتن و فرمانەکانی هەموو زیندەورانن

زۆربوون : پەیدابوونی زیندەوەری نوێی لە باوان چوو پەیوەستە بەم زانستەوە.

جینەکان : یەکەی بنەڕەتی گواستنەوەی زانیاریەکانن.

ھاوسەنگی ناوەکی : زیندەوەران بۆ جێگیر بوونی بارودۆخیان ھاوسەنگی ناوەکییان دەپارێزن.

وزە : زیندەوەران بۆ بەڕێکردنی ژیانیان وزە بەکاردەھێنن.

کیمیا

کیمیا زانستێکە کە لە سەر پێکھاتە، تایبەتمەندی، تێکەڵ ەکان و گۆڕینی مادەکان دەکۆڵێتەوە. ئەم زانستە لە توخمە کیمیاییەکان و تێکەڵاوە کیمیاییەکان کە لەخۆگری ئەتۆمەکان، مۆلیکوولەکان وکارلێک کردنیان دەدوێت.

کەڵک (ڕوونکردنەوە)

مەبەست لە کەڵک ئەتوانێ یەکێ لەمانەی خوارەوە بێ:

کەڵک (ئابوورزانی)، بەکارھاتەنیبوونی شتان، تواناییی شتان لە بەجێھێنانی داخوازی و پێداویستییەکاندا.

کەڵک (باڵندە)، مەلی ماسیخۆری گەورە کە توورەکەیەک ھەیە لە ژێر دەندووکیدا پێی دەوترێ "قورتم"، ئاو و ماسی تیا ڕادەگرێ.

کاتێ لە پەنای وشەی "بان"ەوە بێ، وەک "کەڵک و بان"، ئەتوانێ بە مانای پاسار یا سەربان بێ.

یاسای بازرگانی

یاسای بازرگانی کۆمەڵێک بنەمایە کە لە سەر پەیوەندیەکانی بازرگانەکاندا و کردەوەبازرگانییەکانیاندا فەرماندەدات.

بەپێچەوانەی مافی ژیاری کە پێوەندییەکانی ھەموو تاکەکانی کۆمەڵگە لەخۆ ئەگرێت، یاسای دانوستان بەدانانی بنامەگەلێکی تایبەت بە بازرگان و کردوەی بازرگانییەکانیاندا سەرقاڵ دەبێت. ھەر لەبەر ئەمەیە کە لە نموونەگەڵێکدا کە ڕێگەچارەیەکی ڕوون لە یاسای دانوستان لەبەرچاو نەگیرابێت، ئەگەڕێنەوە بۆ بنەماکانی مافی شارستانی.

بە زمانەکانی تر

This page is based on a Wikipedia article written by authors (here).
Text is available under the CC BY-SA 3.0 license; additional terms may apply.
Images, videos and audio are available under their respective licenses.